دواین هه‌واڵ

هه‌رێمه‌ کوردیـیه‌کان - Voice of America

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار/
    عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هۆكاری ئامادەنەبوونی لە رێككەوتنامەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكرایدەكات و دەڵێت "بۆ واژوكردنی رێككەوتنامەی یەكێتی و گۆڕان ئاگادارنەكرابوومەوە". لەچاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا عەدنان موفتی پشگیری خۆی بۆ رێككەوتنامەی یەكێتی و گۆڕان دەردەبڕێت، بەڵام پێیوایە دەبوو دەوڵەمەتر بكرێت بەچەند پێشنیارێك و وەكو نامەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تەماشا بكرێت.

دواڕۆژ: كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی دوو كۆسپی گەورەن لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم، بۆچونی تۆ چییە و چۆن دەتوانرێت ئەو كێشانە چارەسەربكرێت؟ 
عەدنان موفتی: ئەگەر بە واقیعی تەماشای كوردستان بكەین ئەوا بەدڵنیایەوە دەزانین هیچ حزبێك ناتوانێت حزبێكی تر هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە زمانی دیالۆگ و سازان لەو قۆناغەدا زۆر پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان، لەبەرئەوەی هێشتا كۆمەڵگەی ئێمە نەبووتە كۆمەڵگەیەك كە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی تێدابكرێت، تەنانەت هەتا ئەگەر تەماشای رێژەی هەڵبژاردن بكەین دەبینین، ئەو رێژە نییە كە حزبێك بەتەنیا باڵادەست بێت، بۆیە هەموو حزبەكان پێویستیان بە هاوپەیمانێتی هەیە، لەلایەكی ترەوە خۆ ئێمە هاوپەیمانێتیشیمان تەجروبە كرد و یەكێتی و پارتی زۆرینە بوون و تەجروبەی حكومەتێكی هاوبەشمانكرد، بەڵام ئۆپۆزسیۆن هەبوو كە كورسیەكانی 40%پەرلەمانی پێكدەهێنا تاڕادەیەكی زۆر كۆسپێكی گەورەبوون بۆ ئێمە، لەبەر ئەو هۆكارانە بوون حكومەتی بنكەفراوان هاتەپێشەوە، بەڵام ئەو حكومەتەش قۆناغێكی دەوێت تا جێگەی خۆی دەگرێت، بۆیە لەم قۆناغەدا بەبێ‌ بەرپرسیارێتی و سازان كێشەكان چارەسەرناكرێت بەڵكو لەوانەیە گرێكوێرەكان زەحمەتتر بن بۆیە دەبێت هەموولایەك ئەو هەستەیان هەبێت و بەفەرزكردنی ئیرادە ناكرێت، ئەوە قسەی مام جەلالە و دەیانجار كردویەتی و ئەمڕۆش ئیسپات بووە كە ئەو حەقیقەتە راستە، جگە لەوەش نەك تەنیا بۆ ئێستا بەڵكە كە ئێمە كۆمەڵێك كێشەمان هەیە، ئاسەواری شەڕی ناوخۆ زەقە‌و خەڵكێكی زۆر تائێستا كێشەی هەیە شەهیدی هەیە و ماڵوێران بووە، لەبەرئەوە دەبێت ئیرادەیەك هەبێت بۆ چارەسەكردنی كێشەكان و پێشموایە ئەو ئیرادەیە هەیە و دەبێت سەربكەوێت. 

دواڕۆژ: بۆچی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی، هەروەها لە كاتی واژوكردنی رێككەوتنامەی یەكێتی و گۆڕان بەشداریت نەكرد؟
عەدنان موفتی: لە راستیدا ماوەی زیاتر لە هەشت مانگ لە مەكتەبی سیاسی لیژنەمان دانابوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی، من لەوێ‌ دەنگمداوە بۆ ئەو لیژنانە واتە پشگیری لە رێككەوتن دەكەم لەگەڵ پارتی و لەگەڵ گۆڕانیش، باوەڕم وایە كوردستان پێویستی بە رێككەوتن هەیە، هەندێكجاریش لە كۆبوونەوەكان ئاگاداردەكراینەوە كە بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام ئەو رۆژە كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەبوو، من لە كوردستان نەبووم هەروەها لەهەمان رۆژ وابزانم لە فەیسبوكەوە زانیم كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەیە، كەس تەلەفۆنی بۆ نەكردم، بەڵام ئسوڵ وایە دەبوو پێشتر مەكتەبی سیاسی كۆببێتەوە و ئەو پڕۆژەیە پەسەندبكات، ئینجا بچێتە سەركردایەتی ئەگەر كات نەبووبێت ئەوەیان كێشە نییە چونكە ناكرێت پرەنسیپ ببێتە كۆسپ لەبەردەم ئیشی گەورە، ئینجا بۆ واژوكردنی رێككەوتنامەكە دیسان من ئاگادارنەكراومەتەوە تەنها بەشێوەی رەسمی بروسكەیەك لە مەكتەبی سیاسی هاتووە كە فڵانە سەعات ئامادەبن بۆ ئیمزاكردن، لەراستیدا من بۆ رێككەوتنەكە گەیشتبوومەوە كوردستان، بەڵام نە پڕۆژەكەم بینبوو نە خوێندبوومەوە‌ و رێگە بە خۆم نادەم بچم بۆ شوێنێك شاهیدی بە رێككەوتنێك بدەم كە نەزانم ناوەڕۆكەكەی چییە؟ ئەگەرچی وەكو مەبدەئی خۆم پشگیری لە رێككەوتنەكە دەكەم و پێموایە زەرورەتە، پاشان رێككەوتن لەنێوان دوو حزب كە پێشتر یەك حزب بوون و خۆشبەختانە شەڕ لەنێوانماندا رووینەداوە، گرنگ ئەوەیە ئەو رێككەوتنە دەكرا دەوڵەمەتر بێت بەچەند پێشنیارێك و وەكو نامەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نامەیەك بێت بۆ یەكڕیزی گەلەمان، پێموانییە ئەو رێككەوتنە دژی هیچ حزبێك بێت، نابێ‌ پارتی یان هەر حزبێكی تر رێككەوتنەكە بە سلبی تێبگات و نابێ‌ دژی هیچ حزبێك بێت.  

دواڕۆژ: دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە، پارتی راگەیاندراوێكی توندی بڵاوكردەوە، پێتوایە بۆچی لە رێككەوتنەكە نیگەرانە؟
عەدنان موفتی: نازانم بۆچی پارتی نیگەرانە، راستیەكەی برادەرانی پارتیم نەدیوە بەڵكو لە راگەیاندنەكانەوە ناڕەزایی خۆیان باسكردووە، حەواجزی نەفسی پەیدابووە بەوەی تۆ هەنگاوێك نەیەتە پێشەوە من نایەمە پێشەوە، بەڵام لە هەندێك كێشەدا پێویستە لایەنە سیاسییەكان چارەسەری بكەن نەك كێشەكە بخەنە پەرلەمان، چونكە پەرلەمانتاران دواجار هەر گوێڕایەڵی حزبەكان دەكەن، بۆیە باشتروایە بە راشكاوی و روبەڕوو كێشەكان باسبكەین و بگەینە نەتیجە و هەر دەبێ‌ بگەینە نەتیجە، كەس پشگیری شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی ناكات، هەردوولا پیشگری دەكەن، هەم گۆڕان و یەكێتیش نەفرەت لە دوو ئیدارە و شەڕدەكەن، هەمیش پارتی بەهەمان شێوە رەتیدەكاتەوە، كەواتە مەبدەئە ئەساسەكە كە گەڕانەوەیە بۆ دواوە و دەبێ‌ هەموولایەك دژی بین، ئەمە دەرگا دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام دەبێ‌ متمانەمان بە یەكتر هەبێت ئەوەی كێشەیە نەمانی متمانەیە.  


دواڕۆژ: پارتی لە راگەێندراوەكە باس لەوەدەكات كە لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان پرسیان پێنەكراوە، لەكاتێكدا رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی هەیە؟ ئایا پێویسبوو پرس بە پارتی بكرێت؟

عەدنان موفتی: دەبوایە باس بكرێت، بەڵام ئایا باسكراوە یان نەكراوە ئەوە دەبێت لە لیژنەكەی مەكتەبی سیاسی بپرسی، دەبێ‌ لە لیژنەكەی خۆمان بپرسین بۆچی پرسیان پێنەكراوە؟ من ئاگاداری هەنگاوەكان نیم، كێشەكان لەوەدانییە كە پرس كراوە یان نا؟ ئەگەر كێشەكان لەو نوقتەیەدا بێت ئەوا ئاسانە و بە دانیشتنێك چارەسەردەكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو لایەكان لەبەرژەوەندی میللەت بڕیاربدەن، ئێمە پێویستیمان بە یەكترە و تەجروبەی رابردوو ئەوەی سەلماندووە كە تەرەفێك یان دوو لایەن بەیەكەوە ناكرێت تەنانەت پارتی و یەكێتیش بەیەكەوە حكومیان دەكردو هێز و ئەمن و ئاسایشیان لە هەمووان زیاتر بوو.  

دواڕۆژ: مەسعود بارزانی جەخت لەوەدەكاتەوە كە دەبێ‌ پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ریفراندۆم بكرێت، پێتوایە لەوكاتەدا دەتواندرێت ریفراندۆم بكرێت؟ 
عەدنان موفتی: بڕواناكەم هیچ نیشتمانپەروەرێك هەبێت پشگیری لە ریفراندۆم نەكات، یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەگەڵ مافی چارەی خۆنوسیندا بووە، بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەمریكا بڕیارێكمان بۆ بدات ببینە دەوڵەت ئەوا هەرگیز روونادات، بەبڕوای من ناكرێت دەوڵەتێكی وەكو ئیسرائیل دروستبكەین بە هێزو دروست بێت، ئێمە لەسەر خاكی خۆمانین و كەس دەرناكەین و نابێت بە هێزو شەڕ دەوڵەت دروست بكەین، بەڵام من پێموایە هیچ كاتێك وەكو ئێستا كورد نە ئەو هێزەی هەبووە و نە ئەو پشتگیرییەشی هەبووە لەلایەن رای گشتی دونیاوە.

دواڕۆژ: دوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی عێراق، نوێنەرانی كورد گەڕانەوە هەرێم، لەئێستادا بۆچونی تۆ چییە، لەگەڵ ئەوەی كورد بگەڕێتەوە بەغدا؟
عەدنان موفتی: من لەگەڵ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كوردم بۆ عێراق بەمەرجێك وەكو ئەوەی ئێستا چۆنن هەروا بمێنەوەو  نەبنە تەرەف لەو كێشەو گرفتانەی لەنێوان شیعەو سوننەدا هەیە، هەروەها پێویستە رۆڵی كورد لە عێراق چەند بەهێز بكرێت باشترە چونكە تەنانەت ئەگەر ئێمە ببینە دەوڵەتیش پێویستمان بەو پەیوەندییەوە هەیە، دەروازەی یەكەمی سەربەخۆیی بە بەغداوە تێپەڕدەبێت، دەبێت سەرەتا قسە لەگەڵ بەغدا بكەین و تێیانبگەیەنین كە ناتوانین لەگەڵتان بژین و ببینە دراوسێیەكی باش و دەتوانین كێشەكانیش چارەسەربكەین، بۆیە دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا بەهێزبكەین و ناكرێت دەوڵەت بە هێز دروستبكەین، چونكە نە هێزمان هەیە و نە ئابووریەكی بەهێزمان هەیە و نە ناوخۆی خۆشمان وەكو پێویست رێكخراوە لەبەرئەوە دەبێت هەموو دەرگاكان بكرێنە و بەتایبەتی ئێستا كۆمەڵێك رۆشنبیری گەورەی عەرەب پیشگیریمان دەكەن.
 
دواڕۆژ: بە بەراورد بە سەردەمی خۆت، تێبینی بەڕێزتان چییە لەسەر ئەدای خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی كوردستان؟ 
عەدنان موفتی: قۆناغی ئێمە زروفەكە جیاواز بوو، چوار ساڵەكەی خولی ئێمە تەرخانكرابوو بۆ دەركردنی یاسا و یەكخستنەوەی دوو ئیدارەی و پەكخستنی بڕیارەكانی سەردەمی بەعس، هەروەها زۆر یاسای گرنگ دەرچوون بەتایبەتی ساڵی 2007 زۆرترین یاسای تێدادەكرا بە بەراورد بە ساڵەكانی تر، ئەو یاسایانەی دەركراون زۆر گرنگ بوون لەوانە پرۆژە یاسای دەستور و نەوت و گاز كە لەو یاسا گرنگانە بوون كە پێویستبوون بۆ كوردستان، بۆ نموونە ئەگەر ئەوكات پرۆژە دەستور دەنگی لەسەر بدرایە ئێستا كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم دروست نەدەبوو، هەرچەندە رێزم بۆ ئەوانەی دەڵێن هەمواربكرێتەوە، داواكاریەكی ئاساییە و دەكرێت هەمواربكرێتەوە‌ و هەموو بیروڕایەكی تێدا جێبكرێتەوە، بەڵام نەك بە فەرزكردن بێت.

سه‌رچاوه‌:

http://www.dwarozh.net/details.aspx?jimare=19057

Bookmark and Share

Add comment


Security code
Refresh