دواین هه‌واڵ

هه‌رێمه‌ کوردیـیه‌کان - Voice of America

چاوپێکه‌وتن

 
 

سوید، ئیدریس ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ

 

نادیه‌ موراد گه‌یشته‌ سوید. نادیه‌، ئه‌و كچه‌ بیست‌و یه‌ك ساڵه‌یه‌، كه‌ راستییه‌كانی داعش-ی سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ نامرۆڤایه‌تییه‌كانیان به‌ گوێی جیهاندا ده‌دات.

 

دۆزه‌خێك بۆ مرۆڤایه‌تی

نادیه‌؛ له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید مارگۆت والسترۆم‌و به‌هاوكاریی رێكخراوی (هه‌رگیز فاتمه‌و پێلا له‌بیرناكه‌ین) بانگهێشتكراوه‌. رۆژنامه‌یه‌كی سوید نابینین كه‌ بابه‌تێكی له‌سه‌ر نه‌نووسیبێت، بۆیه‌ واز له‌ سه‌رچاوه‌كان دێنم‌و گوڵبژێری قسه‌ به‌ئازاره‌كانی ده‌كه‌م، كه‌ بوونه‌ته‌ مانشێتی رۆژنامه‌كان. رۆژنامه‌نووسێك باس له‌ ئێزدییه‌كان ده‌كات‌و ده‌ڵێت: ماڵباتی نادیه‌ كوردن‌و خۆیان به‌ ئێزدی ده‌زانن، ئه‌و ئایینه‌ی كه‌ زۆر له‌ پێش ئیسلام بوونی هه‌یه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی داب‌ونه‌ریتی تایبه‌تیان هه‌یه‌، زۆربه‌یان له‌ كوردستانی باشوور ده‌ژین. كچه‌ فریشته‌یه‌كی ئێزدی هه‌گبه‌ی ئازاری له‌كۆڵناوه‌، ده‌رگا به‌ده‌رگا وه‌ك پیرو مشاخه‌كانی ئێزدی ئۆقره‌ناگرێت، به‌ڵام باس له‌ هزره‌كانی كتێبـی (جلوه‌و مه‌سحه‌فا ره‌ش) ناكات، تا هه‌وادارانی ئایینه‌كه‌ی زۆرتربن، به‌ڵكو باسی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ ده‌كات كه‌ داعش له‌به‌ره‌به‌یانێكی ساڵی 2014دا له‌ژێر دروشمی (الله‌ اكبر) دۆزه‌خێك بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌رچی منداڵ‌و پیرو ژن هه‌یه‌ ده‌یانكه‌ن به‌كه‌نیزه‌و سه‌با، ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌كانی ئاره‌زووه‌ هه‌وه‌سبازه‌ تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌وانیان تێدانییه‌ وه‌ك به‌رخه‌كه‌ی حه‌زره‌تی ئیبراهیم سه‌ریان ده‌بڕن. ئه‌و له‌جیاتی نوێژی پاڕانه‌وه‌ی هه‌ڵهاتنی خۆرو نیوه‌ڕۆ خۆرئاوابوون، باسی ئه‌و خۆرانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژێر قامچی‌و شیری داعش له‌ كونجه‌كانی موسڵ توندكراون‌و رۆژانه‌ جه‌سته‌كانیان ده‌كه‌وێته‌به‌ر نه‌فره‌تی ئاڵا هه‌ڵگرانی داعش. ئه‌و باسی ئه‌و سێ مانگه‌ی خۆی ده‌كات كه‌ چۆن جه‌سته‌ی بۆته‌ كاڵای سه‌ربازه‌كانی داعش‌و وه‌ك بوكه‌ڵه‌یه‌كی منداڵان وازیی پێكراوه‌. ئه‌و داوای ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كچ‌و ژنانه‌ی تائێستا له‌به‌رده‌ستی داعشن به‌هانایانه‌وه‌ بچن‌و ده‌ربازیان بكه‌ن له‌ هه‌وه‌سبازه‌كان.

 

وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك 

له‌ جیهاندا ده‌خولێمه‌وه‌

رۆژنامه‌نووسێك ده‌ڵێت من له‌ چاوی ئه‌وم ده‌خوێنده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵ چه‌ند بایه‌خداره‌، به‌ڵام به‌وشه‌یه‌كیش باسی لێوه‌نه‌كرد، له‌بری ئه‌وه‌ وتی: ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ ئازادكردنی ئه‌وانی تره‌و گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌ بۆ ژیان، رووی قسه‌كانم له‌ هه‌موو حكومه‌ت‌و مرۆڤدۆسته‌كانی جیهانه‌ تا سه‌ربه‌ستی به‌وان ببه‌خشنه‌وه‌. ئه‌و مه‌سحه‌فی ره‌شی له‌هه‌گبه‌دا نییه‌ تا باسی دروستبوونی جیهان‌و ئاده‌م‌و حه‌وا بكات، به‌ڵكو ده‌ڵێت؛ من هیچ كارێكم به‌ژیانی خۆم نییه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك له‌ جیهاندا بخولێمه‌وه‌و باسی ئازاره‌كان بكه‌م، تاهه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانین ئه‌وانی تر ئازادبكه‌ین، من ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ده‌ژیم.

 

له‌ مردن خراپترم به‌سه‌رهاتووه‌

نادیه‌ وا باس له‌ شه‌وی یه‌كه‌می ده‌كات؛ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌، دامیه‌به‌ر شه‌ق‌و قیژاندی به‌سه‌رمداو ناچاریكردم جله‌كانم فڕێبده‌م، ئه‌و منی به‌ڕووتی فڕێدایه‌ ژوورێكی پڕ له‌ پاسه‌وان، ئه‌وان ده‌ستدرێژییان كرده‌سه‌رم تابورامه‌وه‌. ئه‌و داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد ببم به‌ئیسلام‌و ببم به‌ژنی ئه‌و، به‌ڵام من ئه‌وه‌م ره‌تكرده‌وه‌، من پێموتن بێنوێژم، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان به‌م شتانه‌ نه‌ده‌دا، ئه‌وان وتیان: ئێوه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ كۆیله‌ی ئێمه‌ن، ئێمه‌ له‌ڕاستیدا كۆیله‌ی جنسی ئه‌وان بووین، ئه‌وان هه‌رگیز وه‌ك مرۆڤ سه‌یری ئێمه‌یان نه‌ده‌كرد، له‌ناو پاسه‌كه‌ پێیانوتین له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ ئیسلام نین، ئێمه‌ به‌مافی خۆمانی ده‌زانین هه‌رچی له‌ گه‌ڵتان بكه‌ین‌و بتانكه‌ین به‌سه‌باو كۆیله‌ی خۆمان. براكانم‌و دایكم‌و به‌سه‌دان گه‌نج‌و خورتی تر تیاچوون، منیش چه‌ندینجار له‌سه‌ر لێواری له‌ناوچوون گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌، ژیانی من له‌ مردن ناخۆشتربوو، بۆیه‌ من ناترسم، چونكه‌ من له‌ مردن خراپترم به‌سه‌رهاتووه‌. له‌ چه‌ندین ده‌رگامدا له‌ موسڵ تا له‌ كۆتاییدا ماڵێكی میهره‌بان له‌ ده‌ستی ئه‌و دڕنده‌ به‌ناو ئیماندارانه‌ رزگاریانكردم.

له‌و رۆژه‌وه‌ نادیه‌؛ وڵات به‌وڵات، ئه‌وروپاو ئه‌مریكا‌و ئاسیا ده‌گه‌ڕێت‌و باسی رۆژه‌ ره‌شه‌كانی ژیانی خۆی ده‌كات، ئه‌و رۆژانه‌ی مرۆڤه‌ غه‌زه‌بگرتووه‌كانی داعش ته‌واوی مرۆڤایه‌تی له‌ ده‌ستده‌ده‌ن. ئێستا نادیه‌ موراد، كه‌ هه‌ڵگری ناوی ئیسلامییه‌و كۆیله‌ی ئه‌وانیش بووه‌، له‌ لیستی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتین، ئه‌و خه‌ڵاته‌ی به‌تێگه‌یشتنی سه‌له‌فییه‌كان خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كافره‌.

نادیه‌؛ ته‌نیا داوای ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی ئێزدی‌و ژنانی ئێزدی رزگاربكه‌ن له‌ ده‌ستی داعش. په‌یامی ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی بده‌ن، كچه‌كانیان رزگاربكه‌ن، تیرۆریسته‌كانیش له‌ناوببه‌ن.

 

 

سه‌رچاوه‌:

http://knwe.org/Direje.aspx?Jimare=40813&Cor=7&Besh=Araste

 

 
سه‌رچاوه‌:
http://knwe.org/Direje.aspx?Jimare=40813&Cor=7&Besh=Araste
Bookmark and Share

Add comment


Security code
Refresh